هه‌ڵبژاردن یا هه‌ڵاواردن
هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی‌دا باس له لە ئیرادەی خەڵک و ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لانی ئێران ناکات. بۆیه لەگەڵ بەرتەسک بوونەوەی بازنەی هه‌ڵبژاردن بۆ ئەو کەسانەی کە وه‌ک به‌ربژێر لەلایەن دامودەزگا حکومییه‌کانی ژێر چاوه‌دێری وه‌لی فه‌قی په‌سند یا ڕه‌د ده‌کرێنه‌وه، پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی له‌گه‌ڵ چۆنیه‌تی توانه‌وه له ناو ئه‌و سیستمه داخراوه و گوێڕایه‌ڵی به‌رانبه‌ر به نیزامی وه‌لایه‌تی فه‌قیه‌وه هه‌یه..
مێژووی " مه‌جلیسی شوڕای ئیسلامی ئێران" لە پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه و ویسته‌کانی خه‌ڵک و هه‌روه‌ها "مەجلیسی خوبره‌گان" لە دیکتەکردنی فەرمانە زۆره‌ملیه‌کانی رێبه‌ریی نیزام، بەڵگەی حاشا هه‌ڵنه‌گر بۆ ناکارایی و به هیند نه‌گرتنی ئه‌و داموده‌زگا فه‌رماییشیانه‌یه که زیاتر له هه‌مووشت هه‌ڵبژاردن ده‌باته ژێر پرسیار. چوونکه وه‌ک باس کرا له لایه‌ک هه‌ڵبژاردن له سافی ته‌ئید یا ڕه‌ددی شوڕای نیگابان و نه‌هادی رێبه‌ریی ده‌گوزه‌رێ و له لایه‌کی دیکه‌وه خودی پاڵێوڕاوه په‌سندراوه‌کانی خۆیان له‌و نه‌هادانه‌دا ناتوانن خاوه‌ن ئیراده‌ی خۆیان و له پرسه جیاوازه‌کاندا شوێندانه‌ر و کاریگه‌ر بن.
کاندیدی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌بێ حه‌وت‌خوانی ڕۆسته‌م ببڕن و له هه‌موو تاقیکارییه‌کان ده‌رچووبن تا له‌وڕۆژه‌دا ده‌ست به سینگیان وه‌نه‌نێن و ڕه‌ددی سه‌لاحیه‌ت و لێهاتوویان نه‌که‌ن. لێهاتوویی له کۆماری ئیسلامی‌دا به واتای پابه‌ند بوون نه ئه‌سلی ولایه‌تی فه‌قی و نیزامی توتالیتێری ئاخوندی که هه‌موو سنووره ئه‌خلاقی و ئینسانییه‌کانی به‌زاندووه و ڕووناکیی له ژیان بڕیوه.
پەیامی بایکۆتی هه‌ڵبژاردن، دەربڕینی دژایەتی و ناڕه‌زایه‌تی به درێژەدان بە نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران وهه‌موو ئه‌و جه‌ور و زوڵم و زۆرانه‌یه که ده‌رحه‌ق به گه‌لانی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران به‌تایبه‌ت به کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان کردوویه و ده‌یکات.
ئەوانەی کە تا ئێستاش بە دوای چاکسازی و ریفۆڕم لە پێکهاتەی ئه‌و سیستمه سه‌ره‌ڕۆیه‌دا دەگەڕێن و ده‌یانهه‌وێ سرنجی بیروڕای گشتیی جیهانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی به‌و خاڵانه‌وه سه‌رقاڵ بکه‌ن که گۆیا ده‌توانن ئاڵوگۆڕ له‌و نیزامه‌دا درووست بکه‌ن، یا خۆیان فریویان خواردووه و به ناحه‌ق باوه‌ڕیان به‌و به‌ناو چاکسازییه هێناوه، یا ئاگاهانه بۆ درێژه‌دان و ده‌وامی زیاتری ئه‌و ڕژیمه، خه‌ڵک هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن .
بۆیه ڕۆشنبیری شارەزا وبیرمه‌ند، ده‌بێ زۆر جیاواز بێ لە دیماگۆگ یان پۆپۆلیستی وابەستە به نیزامێکی سه‌ره‌ڕۆ و دیکتاتۆڕ. نابێ هاوبیر له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئاسایی تەنها بەو پاساوە کە لەبەر ئەوەی جەماوەری بێهەڵوێست یان چینە بەرژەوەندخوازەکان لە هەر حاڵەتێکدا هه‌ر دەنگ دەدەن ، که‌وابوو له هەڵبژاردنی نێوان خراپ و خراپتر، باشترین هه‌ڵبژارده و ڕێگا چاره ئه‌وه‌یه که هەمڕەنگی جەماعەت بین و له نێوان خراپ و خراپتر، خراپه‌که هه‌ڵبژێرین!
ئه‌گه‌ر بەشداری خەڵک بە واتای پشتگیری کردن له خراپه‌کان بێت، ئه‌و پشتگیرییه ڕاسته‌و خۆ ده‌چێته خانه‌ی خزمه‌ت به خراپ‌ترینه‌کان که هه‌مان ده‌زگای سه‌رکووت‌که‌رانه‌ی نیزامی کۆماری ئیسلامییه و هیچ مانایه‌کی تر جگه له‌و چه‌مکه به هه‌ڵبژاردن نابه‌خشێت.
جگە لەوەش، پێویستە ڕۆشنبیر پێشه‌نگی کۆمەڵگی خۆی بێت و ئاگای له جموجۆڵی جەماوەر بێ کە بەرژەوەندی گشتی له بواری سیاسی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له لایه‌ن تاقمێکی سه‌ره‌ڕۆ و پاوانخوازه‌وه پاوان و پێشێک نه‌کرێت.
زۆر ڕوونه هەندێک لەو که‌سانه‌ی کە هانی خەڵک دەدەن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ده‌نگ به مانه‌وه‌ی ئه‌و سیستمه بده‌ن، ڕه‌چاوی بەرژەوەندی خۆیان ده‌که‌ن و گوێیان به مافی پێشێلکراوی خه‌ڵک نابزوێت.
هەڵبژاردنی دێموکراتیک پێویستی بە چەند مەرجێکی پێشوەخت هەیە کە لە کۆماری ئیسلامی‌دا به درێژایی ئه‌و چل و چوار ساڵه به هه‌ڵکه‌وتیش ده‌ست نه‌که‌وتووه.
که‌وابوو بایکۆتکردنی هەڵبژاردن وتنی نەخێر بە کۆماری ئیسلامی و بەڵێ بۆ ژیانێکی ئازاد و ژیارێکی ئه‌مڕۆیی، ته‌نیا ڕێگاچاره‌ی ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه فره‌چه‌شنه و فره ڕه‌هه‌نده‌یه و به‌س.
هیوا ئه‌حمه‌دی
یەکیەتی زانایانی ئایینی کوردستانی ئێران
٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٢ ی هەتاوی